كرداره‌كانيان ره‌نگدانه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌ و ره‌وشتيانه‌

هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌وشت و داب و ژياننامه‌ى هه‌ر مرۆڤێك به‌رهه‌مى پێكهاته‌ى فسيۆلۆژييه‌تى جينى و په‌روه‌رده‌ى ئه‌و ژينگه‌يه‌ كه‌ لێى ده‌ژى. منيش يه‌كێكم له‌و مرۆڤانه‌ى كه‌ ئه‌وانى دى، نه‌خاسمه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ نزيكه‌وه‌ ده‌مناسن، به‌ سانايى هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌م ده‌ناسن و ده‌زانن چۆنه‌.

خۆم هه‌مووانم خۆش ده‌وێت و متمانه‌م به‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌يه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌م. رقم له‌ كه‌س نابێته‌وه‌ و كينه‌ و ئێره‌يىى و له‌دڵى من جێى نابێته‌وه‌، كه‌سێكم به‌سانايى په‌يوه‌نديم له‌گه‌ل ده‌به‌سترێت و ئه‌وانى دى گه‌ر بيانه‌وێت ناواخنم بخوێننه‌وه‌ و تێم بگه‌ن، زوو له‌گه‌ڵم هه‌ڵ ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆيه‌ش كه‌سانێكى زۆر له‌ دۆست و خزم و هاوڕێم هه‌ن و شانازيشيان پێوه‌ ده‌كه‌م.

به‌ڵام دواى ساڵانێكى زۆر و تێپه‌ڕينى ئه‌و ته‌مه‌نه‌م، گه‌يشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوايه‌ى كه‌ له‌ هێندێك ئاكار و مامه‌ڵه‌كانم له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ ده‌وروبه‌ر، هه‌ڵه‌ بووم و زياده‌ڕۆييم كردووه‌ له‌ متمانه‌ و بڕواپێدان به‌ به‌رانبه‌ر. ئاخر به‌چاوى خۆم ده‌بينم كه‌ كه‌سانێك متمانه‌بوونم ده‌قۆزێته‌وه‌ و خيانه‌تم لێ ده‌كه‌ن و واش وێنا ده‌كه‌ن، كه‌ من بێئاگام له‌ كار و كرداره‌كانيان.

كه‌سانێك هه‌ن، خۆشه‌ويستيم به‌ رق و كينه‌ ده‌گۆڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هێندێكيش هه‌ن كه‌ سوود و چاكه‌كانم بۆيان له‌بير ده‌كه‌ن و به‌ خراپه‌ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌.

زۆرجار له‌گه‌ڵ خۆم دانيشتووم و زۆر هێناومه‌ و بردوومه‌ كه‌ هۆكارى ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ بزانم، گه‌يشتوومه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ هۆگه‌لى زۆر هه‌يه‌ كه‌ وا ده‌كات ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ ببينم، چونكه‌ به‌هاكانى مرۆيى، خۆشه‌ويستى، راستگۆيى له‌ مامه‌ڵه‌، جوامێريى، به‌زه‌ييى، په‌يوه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تى، ئينتماى نه‌ته‌وه‌يىت، قوربانيدان و سيفه‌تگه‌لى زۆرى تر له‌ باوانه‌وه‌ بۆمان ده‌گوازرايه‌وه‌ و كه‌چى ئێستا ئه‌وه‌ به‌دى ناكرێت و زۆربه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌سه‌ر بناخه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى مادديى و نامه‌شروع بنيات نراون.

نامه‌وێت لێره‌، به‌رپرسيارييه‌تى ئه‌و شتانه‌ هه‌مووى بخه‌مه‌ ئه‌ستۆى مرۆيى خۆمان، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكارى خوديى و بابه‌تى، رۆڵى نه‌رێنى خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى فاكته‌رى ژينگه‌يى ده‌وروبه‌رى وه‌ك شه‌ڕ و شۆڕ و قه‌يرانه‌ ئابوورييه‌كان. به‌ڵام وێڕاى هه‌موو ئه‌وانه‌ش زۆرانێك هه‌ن كه‌ نه‌گوڕاون و ناشگۆڕێن و به‌شێكيش له‌نێوان نه‌گۆڕ و گۆڕاوه‌كان، زوو زوو رۆڵه‌كان ده‌گۆڕن.

ئيدى چى بكه‌ين، ئاخر له‌ ئه‌نجامدا هه‌موومان مرۆڤين.

له‌ كۆتايى وى شتێكم نييه‌ جگه‌ له‌وه‌ى بڵێم كه‌ من دواى ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌، قه‌ت ناتوانم وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ بم و هه‌مان مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئاخر ئه‌وان له‌سه‌ر بنچينه‌ى مامه‌ڵه‌كانى من ره‌فتار ناكه‌ن، به‌ڵكو له‌سه‌ر پێوه‌رى سيفه‌ته‌كانى خۆيان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، كه‌ به‌رژه‌وه‌نديى و ره‌وشتيانه ، ده مه وى ئه وه ش بليم ره نگه من هه له بم له م بوچوونانه م ، ره نگه ئه واني تر هه له بن له ره فتاريان ،چوونكه ته نها خواي گه وره هه له ناكات .